پێویستە بە کێ بوترێت ڕۆشنبیر؟ گەر ڕۆشنبیر نەبیت چی دەبێت؟

2025-10-12

یەکەم: 
ووشەی ڕۆشنبیر لە زمانەوانی عەرەبیدا چەند مانایەکی هەیە 
١- دەرک پێکردنی شت و وەرگرتنی.
٢- گەشەپێدانی هزر و لێهاتووییەکان.رۆشنبیر بەمانا گشتییەکەی واتە ( بریتییە لە کۆی ئەو زانست و مەعریفە و هونەرانەی کە پێویست دەکات باش دەرکبکرێن). (تثقیف) واتە (ڕێکسازی و ڕاستکردنەوەی شتەکان و ڕێنوێنی خەڵکانی تر بە هۆی ئەو ڕۆشنبیرەوە). لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤی ڕۆشنبیر بریتیە لە مرۆڤێکی بیر تیژ و وریا و بە ئەزمون و خاوەن هزر و هۆش و چالاک، کە زوو هەست بە شتەکان دەکات و دەیان خوێنێتەوە.
ڕۆشنبیری هەر کۆمەڵگەیەکیش بریتیە لە کۆی سەرجەم تاکە ڕۆشنبیرەکانی ئەو میللەتە، لە ڕووی ئاینی و کەلتوری و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. رۆشنبیریش نەک تەنها مامۆستا بەڵکو بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا گرنگە چونکە:

١- مرۆڤی رۆشنبیر خۆی دەناسێ و دەزانێ لە چ ئاستێکدایە، ئەرک و مافەکانی خۆی دەزانێت و لە ژیان نائومێد نابێت و دڵخۆشی دەدات بە دەورو بەرەکەی خۆی.
٢- مرۆڤی رۆشنبیر پێش کەسانی تر دەرک بە شتەکان دەکات و دۆست و دوژمنی خۆی دەناسێ، زوو هەلناخەڵەتێ.
٣- رێز لە کلتوری نەتەوەکەی خۆی دەگرێت.
٤- مرۆڤی رۆشنبیر کەسێکی ئازادی خوازە و ڕوو بو ڕووی خراپە و چەوساندنەوە دەبێتەوە و بەرگری لە مافەکانی بێ دەسەڵاتان دەکات و دەنگیان دەگەیەنێتە ناوەندەکانی بڕیار.

لێرەشدا بە پێچەوانەوە نوبوونی ڕۆشنبیری کەسایەتی لاواز دروست دەکات و چەند زیانێکی بۆ کۆمەڵگا هەیە.

    ١- کەمی زانیاری و زانست دەربارەی ڕووداوەکانی رۆژانە.
    ٢- دەبێتە هۆی خەم بچوکی و خۆبەگەورە زانین و بێ سودی و تێنەگەیشتن لە بەرامبەر.
   ٣- زوو هەڵخەڵەتان لە بەردەم فێڵی دوژمن و سەرسام بوون بە  شارستانیەتی مییلەتانی تر و هێنانی بۆ ناو میللەتەکەیی و بێ ڕێز سەیرکردنی شارستانیەتی میللەتی خۆی.
رۆشنبیری وەک سەرجەم پێویستیەکانی تری ژیان پێویستە لە کەسایەتی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا هەبێت، بە  تایبەتی بۆ کەسایەتی مامۆستا پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە، بە تایبەتی شاڵاوی جیهانی ئەمڕۆ و قورسی ئەرکی سەرشانی، ئەم لایەنەیان زیاتر پێویست کردووە. 

سەرچاوە: زانیاری

دووەم:
چەمکی ڕۆشنبیریی، بە پێی قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤەکان و له کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر و لە چینێکەوە بۆ چینێکی تر پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە. ئەم چەمکە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە سۆسیۆلۆژیا و زانستی ئەنسرۆپۆلۆژیاوەش هەیە، هەر یەکەو بە جۆرێك پێناسەیان بۆ کردووە. ڕۆشنبیریی بەرهەمی میراتی عەقڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە هەر لە زانست، زانیاری، هونەر، فەلسەفە، مێژوو، ئایین، بیروباوەڕەکان، ئەفسانە، یاسا، نەریت و ڕەوشتەکان....هتد. ڕۆشنبیریی بەو هەموو شتەوە پێناسە دەکرێت کە شارستانییەتیی دەیانگرێتە خۆ، لە بیروباوەڕ و زمان و هەڵسوکەوت و ڕێگای ژیاری دامەزراو و ژینگه و تەکنیککاری.
ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە، ڕۆشنبیربوونە. ئایا ڕۆشنبیر کێیە؟ بە کێ دەوترێت ڕۆشنبیر؟
وشەی ڕۆشنبیر لە دوو بەش پێکهاتووە. (ڕۆشن) بە واتای ڕۆناك دێت، (بیر)یش بە واتای هزر دێت، واتە کەسێك کە بیری ڕۆناکە و هزری ڕۆشەنە. ڕۆشنبیر، کەسێکە خاوەن بیرکردنەوەیەکی ڕۆشن و فراوانە، خاوەن هزرێکی ڕوون و عەقڵێکی کراوەیە. مرۆڤی ڕۆشنبیر دژی چەقبەستوویی و دۆگمایێ هزر و بیرکردنەوەی ستاتیکی و نەگۆڕ و جێگیرە. مرۆڤی ڕۆشنبیر، کەسێکی بە هەست و هۆشیارە و بە ئاگایە لە گشت بابەت و شتەکانی دەوروبەری و زوو درك بە کێشە و ڕووداوەکان دەکات، جگە لەمەش هەمیشە ڕاڤە و لێکدانەوەی ورد و بە سەرنجی هەیە بۆ ڕووداوەکان، هەندێکجاریش پێش ڕووداوەکان دەکەوێت و چارەسەری گونجاوی هەیە بۆ کێشەکان. هیچ شۆڕشێك نییە لە دونیادا، کە ڕۆشنبیران ڕۆڵ و کاریگەرییان لە سەرهەڵدان و سەرکەوتنیدا نەبێت.
عەلی شەریعەتی دەڵێت: "کەسێك تاوەکو خۆی بەباشی نەناسێ و بە ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگەکەی خۆی ئاشنا نەبێت، ناتوانێ کۆمەڵگەکەی خۆی بەباشی بناسێ و ناتوانێ ئەو پەیامەی کە بانگەشەی بۆ دەکات، بەباشی بیگەیەنێت و بیکاتە کردار".
مارکس دەڵێت: " ڕۆشنبیر ئەو کەسانەن وا لە ڕێگای قەڵەمەوە نان دەخۆن".

سەرچاوە:
لەتیف ئەمین....
گرووپی گەشەپێدانی هزری تاک

زیاتر بخوێنەرەوە