بەرنامەی ژین و ژیانەوە رۆژانە لەکاتژمێر ٠٨:٠٠ ی بەیانی پێشکەش دەکرێت و لەکاتژمێر ٠٢:٠٠ ی پاش نیوەڕۆ دووبارە دەکرێتەوە
ئەڵقەی ئەمجارە تایبەتە بە کۆچی دوایی خەلیل موڕاد وەندی
خەلیل موڕاد وەندی لە ساڵی
1947 لە گوندی سەی برزوی سەربە شاری خانەقین لە خێزانێکی هەژار چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، قۆناغەکانی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆیانەوە دەست پێ دەکات و دواتر دێنە شاری خانەقین و لەوێ تا پۆلی پێنجی ئامادەیی خوێندووە لە دوای ئەم قۆناغە بڕیار دەدات بچێتە شاری بەغدا و لەوێ جارێکی دی دەست بە خوێندن دەکات و لە ساڵی 1973 بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی ئاداب لە بەغدا بەدەست دەهێنێت. دواتر بەردەوام دەبێت لە خوێندن و دەچێتە خوێندنی باڵا و لە ساڵی 1974 بڕوانامەی خوێندنی باڵا لە ڕێگەکانی وانەوتنەوەدا بەدەست دەهێنێت، دوای تەواوکردنی خوێندن وەک مامۆستا دامەزراوە و لە زۆر شار و شوێنی ئێراق و کوردستان خزمەتی کردووە، لە ڕێکەوتی 08-05-1975 ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە 5 کوڕ و 2 کچ. دوایین جار بووەتە مامۆستا لە زانکۆی سۆران و لە ساڵی 2017 خانەنشین بووە. لە سەرەتای ساڵی حەفتاکانەوە دەستی کردووە بە کاری هونەریی و خاوەنی دەیان گۆرانی جوان و دانسقەیە و لە بواری هونەردا خزمەتێکی گەورەی بە هونەری ڕەسەنی کوردی کردووە. خەلیل وەندی یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە لەسەر دەستی هونەرمەندی مەزن عەلی مەردان پێی ناوەتە نێو کاروباری هونەرییەوە و بە قوتابی ئەو دادەنرێت، ئێستاش هەر کەسێک گوێی لە گۆرانی
(خۆشەویستەکەم) بێت کە لە ساڵی
1971 وتراوە، وا هەست دەکات کە هیی ئەم سەردەمەیە و هەمان تاموچێژی هەیە، خەلیل وەندی کوڕی لادێ و هونەرمەند و مامۆستای زانکۆیە، نزیکەی
85 گۆرانی دیکەی بۆ ڕادیۆی کوردی بەغدا و
20 گۆرانی بۆ تەلەڤزیۆنەکان تۆمار کردووە، بە گۆرانی و ئاوازە ڕەسەنەکانی لەناو دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستاندا جێگەی خۆی کردەوە و هەوادارێکی زۆری بۆ خۆی پەیدا کرد و تا ئێستا بە تاسەوە گوێی لێ دەگرن. هونەرمەندی کۆچکردوو، خەلیل وەندی، لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا لە کەناڵی کوردسات گۆرانییە بەناوبانگەکەی خۆی (خۆشەویستەکەم) دەڵێتەوە.
ڕۆژی
26-11-2025 دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی
78 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کلیک لێرە بکە بۆ بیستنی تەواوی بەرنامەکە: