حەسەن زیرەک

2025-12-30
ناساندن
(حەسەن زیرەک) ھونەرمەند و گۆرانیبێژێکی کورد بوو، کە بە یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد لە تەواوی کوردستاندا دادەنرێت. بەرچاوترین کاری، کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە گۆرانی و ئاوازی تۆمارکراوی کوردی بوو بە دەنگی خۆی کە ژمارەیان لە نێوان ١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ گۆرانییە. زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور ناسراوە. 
ھەرچەندە حەسەن زیرەک بەھۆی بارودۆخی سەختی ژیانەوە سوودی لە خوێندن وەرنەگرت، بەڵام لە ئاوازدانانی شیعر و مۆسیقای کوردی شارەزا بوو، ئەم بەھرەیە لەگەڵ دەنگیدا، گۆرانییەکانی لە سەرانسەری کوردستاندا جێی بایەخ کردووە. گۆرانییە کوردییەکانی ھەتا ئێستاش لەناو کوردەکاندا بە تایبەت لە ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستان لە شوێنە گشتییەکان، سەیرانگا، بۆنە و ئاھەنگەکاندا دەبیسترێت
حەسەن زیرەک جگە لە زمانی کوردیی زگماکی خۆی (شێوەزاری سۆرانی) زمانەکانی فارسی، تورکی، ئازەربایجانی، ئەرمەنی و شێوەزاری لوڕیی باکووریی تێکەڵاوی گۆرانییەکانی کردووە. ئەو خاوەنی ٣ مەقامە بە تورکی، ٨ مەقام بە فارسی، ٢ مەقام بە ھەورامی و ٦٤ مەقام بە کوردیی سۆرانی. زیرەک لەگەڵ ئۆرکێستراکانی مۆسیقای کوردیی برایانی یوسف زەمانی، ئۆرکێسترای موشیر ھومایۆن شارەدار لە تاران و ئۆرکێسترای موجتەبا میرزادە لە کرماشان گۆرانیی پێشکەش کردووە. جیا لە ڕادیۆی کرماشان و تاران، زیرەک سەردانی ڕادیۆکانی تەورێز، سنە و مەھابادی کردووە و گۆرانیی لێ تۆمار کردوون.
نازناوی «زیرەک» بۆماوەیی نییە، باوکی و باپیریشی ئەو ناوەیان پێوە نەبووە، بەڵکو لە ساڵی ١٩٥٣ لە ڕادیۆی بەغدا ئەم نازناوەی پێ درا.

سەرەتای ژیان

بەپێی بڕوانامەی لەدایکبوون و بە گوێرەی خەڵکی ناوچەی بۆکان و بنەماڵەکەی لە ساڵی ١٩٢١ لە گەڕەکی قەڵای سەردار، لە شاری بۆکان لە پارێزگای ورمێ حەسەن زیرەک لەدایکبووە. عەبدوڵڵا، باوکی حەسەن زیرەک لە سەردەمی منداڵی زیرەک کۆچی دوایی کرد و دواتر ھاوسەرەکەی بەناوی ئامینە کەیفە، توانای چاودێری و بەخێوکردنی منداڵەکانی نەبوو، بۆیە ناچار بوو دووبارە ھاوسەرگیری بکاتەوە و منداڵەکانی بە زیرەکیشەوە نەچوونە قوتابخانە و کرێکارییان دەکرد بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان. حەسەن زیرەک ١ خوشک و ٢ برای ھەبوو؛ زیرەک دەربارەی جێی لەدایکبوونی و خێزانەکەی لە ژیاننامە شیعرییەکەی لە کتێبی چریکەی کوردستان بەم شێوەیە دەڵێت:
خەڵکی بۆکانم کوردی خوێن پاکم
برام حسێنە و ئامینە دایکم
ناوم حەسەنە باوکم عەبدوڵڵا
خوشکم سارایە و کاکە مینە کاکم
ژیانی ناخۆش و ئاوارەیی حەسەن زیرەک لەو کاتەوە دەستی پێکرد کاتێک باوکی کۆچی دوایی کرد و دایکی شوی کردەوە. حەسەن زیرەک بە درێژایی تەمەنی منداڵی و گەنجی چەندین کاری جۆراوجۆری تاقی کردووەتەوە، وەک کرێکاری و شاگردی لە دوکانی خواردنەوە و شیرینی، قاوەچێتی، کارکردن لە چایخانە و بەردەستیی کەبابچی لە بۆکان و شارەکانی دیکە، تەنانەت چووەتە پێنجوێن، سلێمانی، مووسڵ، بەسڕە، خووزستان و باشووری ئێران بۆ کرێکاری کردن؛ ژیانێکی نائاسایی و ھەژارانەی بردووەتە سەر. کاتێک زیرەک تەمەنی تەنھا ٧ بۆ ٨ ساڵ بوو زۆر حەزی لە گۆرانی و گۆرانیوتن بوو. لەو سەردەمەدا خەڵکی لە بۆکان سەرقاڵی گۆرانیوتن بوون لە کۆڕ و بۆنەی جیاوازدا لە شەقام و بازاڕەکان. یەکێک لەو کەسانەی لەم شارەدا ئاشنای مۆسیقا و گۆرانیوتن بوو و لەم بوارەدا چالاک بوو، گۆرانیبێژێکی جوولەکە بوو بە ناوی «شێنگە جوو» کە حەسەن زیرەک گوێی لە گۆرانییەکانی دەگرت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەو تەمەنەدا شێنگە جوو یەکەم مامۆستای نافەرمی حەسەن زیرەک بووە.
حەسەن زیرەک، لە تەمەنی گەنجیدا، ڕۆژێک کاتێک شۆفێری دەکات لە ڕێگای سەقز–بانە، لە کاتی کارکردن ئۆتۆمبێلەکەی گڕ دەگرێت و بەھۆیەوە کەسێک گیان لەدەست دەدات؛ بەم شێوەیە حەسەن زیرەک ئۆتۆمبێلەکە و شوێنی کوشتنەکەی بەجێدەھێڵێت، بۆ ماوەیەکی زۆر بە ترسەوە خۆی دەشارێتەوە، پاشان ئێران جێدەھێڵێت و دەچێتە عێراق و شاری بەغدا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی.

ڕادیۆی کوردیی بەغدا

سەرەتا حەسەن زیرەک دەچێتە پێنجوێن و پاشان سلێمانی، نیشتەجێی گەڕەکی دەرگەزێنی سلێمانی دەبێت، لەوێ لە ھۆتێلێکدا بە شاگردی کار دەکات و ھەر لەوێش ھاوسەرگیری دەکات لەگەڵ ناسکێ؛ و ٦ مانگ لەم ھۆتێلە دەمێنێتەوە. ماوەیەک دەچێتە شاری کەرکووک، دواتر لە ساڵی ١٩٥٠ زیرەک لە بەغدا لە میوانخانەی باکوور (بە عەرەبی: فندق شمال) لای جەعفەری خاوەن ھۆتێل دەست دەکات بە شاگردی، زیرەک ماوەی ٤ ساڵ لەم ھۆتێلەدا کاری کردووە. لەو کاتەدا لەگەڵ ناسکێی ھاوسەری بە ڕۆژ لە میوانخانەکە کار دەکەن و شەوانیش لەسەر بانی بیناکە دەمێننەوە و زیرەک لەوێ گۆرانی دەڵێت، ڕۆژێک ھاوپیشە و کەسانی نزیک لە ھۆتێلەکە دەنگخۆشیی حەسەن زیرەک بۆ جەعفەر باس دەکەن، جەعفەریش ھەر زوو تاقیدەکاتەوە و پلەی زیرەک لە ھۆتێلەکە بەرز دەکاتەوە، و ھەموو ھەینییەک لەسەر تەختی میوانخانەی ھۆتێلەکە دەست دەکات بە گۆرانیوتن. ھەواڵ دەچێتە ڕادیۆ و کارمەندانی ڕادیۆ دەچن بۆ میوانخانە تا زیرەک بھێننە ڕادیۆ و وەک کارمەند دایمەزرێنن، پاش ڕازیکردنی جەعفەری خاوەن میوانخانە، زیرەک دەچێتە ڕادیۆی کوردیی بەغدا و بە ھاوکاری عەلی مەردان، نەشەت عەبدولڕەحمان، حەمەی دەروێش کەریم، سەڵاح و عادل عیرفان بەشداری بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغدا دەکات و مانگانە چوار گۆرانی بە شەش دینار پێشکەش دەکات. حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٩٥٣ەوە لە بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغدا بەفەرمی دادەمەزرێت.
ھاتنی حەسەن زیرەک بۆ ڕادیۆی کوردیی بەغدا ھاوکات بوو لەگەڵ سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و بە گوتەی خۆی لەگەڵ ھونەرمەندە ناسراوەکانی مۆسیقای کوردی ئەو ساڵانە لەوێ بووە، لەوانە عەلی مەردان، نەسرین شێروان، حەسەن و محەممەد عارف جزیری، شەماڵ سائیب، تایەر تۆفیق، ڕەسوڵ گەردی، ئیلیاس فەڕەنگی و قادر دیلان. لە ساڵانی سەرەتای کارکردنی لە ڕادیۆی بەغدا، سەرنجی گوێگرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بەو پێیەی شارەزایییەکی زۆریی لە ئاواز و گۆرانییە کوردییەکانی ناوچەی موکریان ھەبوو.
ساڵی ١٩٥٨ کاتێک حەسەن زیرەک گەڕایەوە بۆکان، و ھەواڵی ھاتنەوەی زیرەک بڵاودەبێتەوە، عەبدوڵڵا موفتیزادە کە لە ڕادیۆی سنە کاری دەکرد، دەچێتە لای زیرەک و بانگێشتی دەکات بۆ ڕادیۆی سنە تا گۆرانی لێ تۆمار بکات، ھەر لە ساڵی ١٩٥٨ حەسەن زیرەک دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە بەرپرسانی ڕادیۆی کوردی لە بەغدا بڕیاری گەڕانەوەی بۆ ئێران دا؛ پاش ماوەیەک زیرەک دەچێتە مەھاباد و لەگەڵ میرزا ڕەحیم دەچنە ڕادیۆی کوردیی تاران کە تازە دامەزرابوو، سەرەتا بە دوو گۆرانی دەنگی تاقی دەکەنەوە و دەستبەجێ وەری دەگرن.

کودەتای عێراق

لە ساڵی ١٩٥٨ شانشینی عێراق لە کودەتایەکدا بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف کەوت و حکوومەتی کۆماری لە عێراق ڕاگەیەندرا. حەسەن زیرەک لە کاتی گەڕانەوەی بۆ بۆکان، دوای ماوەیەک بڕیاریدا بگەڕێتەوە عێراق، لەکاتی ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی، ھەواڵی کودەتاکەی عێراق دڵەڕاوکێ و نیگەرانی زیرەکی لێ دەکەوێتەوە، چونکە ئەوکاتەی لە ڕادیۆی بەغدا گۆرانیبێژ بوو، بەبۆنەی تاج لەسەرنانی شا فەیسەڵی دووەمی عێراق و شا حوسێن لە ئوردن، لە ڕادیۆی بەغدا ئاھەنگێکی گۆرانی ڕێک دەخرێت، زۆر لە ھونەرمەندان لەم ئاھەنگەدا گۆرانی دەڵێن، زیرەکیش کە تازە دامەزرابوو بەو بۆنەیەوە گۆرانییەکی پێشکەش کردبوو:
دە لێدەن لێدەن لە تەپڵی شادمانی
ئەوا تاجیان نایە سەر حوسێن و فەیسەڵی سانی
پڕوپاگەندە و وتاری بەربڵاو لە ڕادیۆی بەغدا دژی دادوەرە لابراوەکانی ڕژێمی پێشوو و چەندین خۆپیشاندان و ڕاگەیاندن و وتارە یەک لە دوای یەکەکانی گەلانی ناوچەکە و بەتایبەت کورد، بۆ پشتیوانی لە کردەوە شۆڕشگێڕانەکەی عەبدولکەریم قاسم لە ڕووخاندنی شانشینی عێراق، وای کرد حەسەن زیرەک بترسێت لەوەی بگەڕێتەوە عێراق و بیگرن بەبیانوی ئەوەی گۆرانی بۆ حکوومەتی پاشایەتی پێشوو ھەڵگوتووە، چونکە حکوومەتی نوێ ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرد کە پێشتر پشتیوانیان بۆ پاشایەتیخوازی دەربڕیوە، بۆیە لە ئێران مایەوە و چاوەڕێی کرد تا دۆخی سیاسی وڵاتەکە ڕوون دەبێتەوە.کودەتای عێراق وەک شۆڕشی کورد و عەرەب ناو دەبرا، حکوومەتی نوێش وەک حکوومەتێکی کوردی-عەرەبی پێناسە کرا. ڕادیۆی بەغدا پاش کۆماریبوون و لەناوبردنی سیستەمی پاشایەتی، بانگەشەیەکی زۆری دژ بە پاشایەتی وڵاتی ئێران دەستپێکرد، لەوەی کوردەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران ھیچ مافێکی سیاسی، فەرھەنگی و کۆمەڵایەتییان پێ نەدراوە بەڵام لە عێراق بەشدارن لە دەوڵەتدا. کاردانەوەی ئەم بانگەشانە دامەزراندنی ڕادیۆی کوردی تاران و پاشان کرماشان بوو، ھەروەھا بڵاوبوونەوەی ھەفتەنامەی کوردستان لە تاران، کە توانی ھەندێک ئازادی بۆ کورد لە ئێران دەستەبەر بکات

ڕادیۆی کوردیی تاران

بەپێی بەڵێننامەیەک لە ڕێکەوتی ١٢ی نیسانی ١٩٥٨ لەلایەن محەممەد کەیھان، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕادیۆی کوردی لە تاران، ئاماژە بە پێدانی مانگانەی دوازدە ھەزار تمەن دەکات بە زیرەک بۆ پێشکەشکردنی گۆرانی کوردی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەرەتای ھاوکاری ئەم ھونەرمەندە لە ڕادیۆی کوردی لە پایتەختی ئێران. لە ڕادیۆی تاران ھەندێک جار دەچووە ڕادیۆی تەورێز و لەوێ گۆرانی تۆمار دەکرد.
ئەو بەرھەمانەی کە حەسەن زیرەک لە ڕادیۆی کوردیی تاران تۆماری کردبوو، زۆر جار بە ئامێری مامۆستاکانی وەک حسێن یاھەقی، حەسەن کەسایی، جەلیل شەھناز، جیھانگیر مەلەک، ئەحمەد عیبادی و بە سەرپەرشتیی موشیر ھومایۆن شارەدار تۆماری دەکردن.
ڕادیۆی کوردیی کرماشان
لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٦٢ کاتێک ڕادیۆی کوردیی تاران داخرا، حەسەن زیرەک و ھاوکارەکانی بەرەو کرماشان بەڕێکەوتن. ڕادیۆی کوردیی کرماشان ناوەکەی گۆڕدرا بۆ بەشی کوردیی ڕادیۆ ئێران. ئەم ڕادیۆ نوێیە دەنگی نێودەوڵەتیی ئێران بوو، بەمەش کاتژمێری پەخشەکانی زیاتر بوو، پەخشەکەی بەشێکی زۆریی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی دەگرتەوە.
ھاتنی حەسەن زیرەک بۆ کرماشان و پەیوەندیکردن بە گرووپ و ھاوکارەکانی ڕادیۆ، ئۆرکێستراکەی زیاتر چالاکتر کرد، کە چەند ساڵێک بەو چالاکییە مایەوە و ھەنگاوی گەورەی لە بەرھەمھێنانی مۆسیقا و گۆرانی کوردیدا نا.
سەرۆکی ئۆرکێستراکە محەممەد عەبدولسەمەدی بوو، و کلارنێتژەنی ئەوێ بوو. لە ساڵانی دواتردا، مەحموود بللووریی عودژەن، و سەرجەنتی زەید یەحیای کلارنێتژەن، بۆ ئەم گرووپە زیادکران. حەسەن زیرەک لە ڕادیۆی کوردیی کرماشان بە ھاوکاریی لەگەڵ ھونەرمەندانی دیاری کرماشان وەک موجتەبا میرزادە (کەمانچە)، محەممەد عەبدولسەمەدی (قەڕانی)، ئەکبەر عیزەدی (سەنتوور)، ئاستوار دەروێشی (تار) و بەھمەن پولەکی و مورتەزا قەسری (کەمانچە و تێمپۆ) گەلێک گۆرانی تۆمار کرد، بەرھەمەکانی حەسەن زیرەک لە ڕادیۆی کرماشان بە باشترین بەرھەمەکان و سەردەمی زێڕینی دادەنرێن.
سەبارەت بە گۆرانی و ئاواز، حەسەن زیرەک لەگەڵ موجتەبای میرزادە کە ئەوکات تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵ بوو، وتووێژی دەکرد و زانیارییەکی بەرفراوانی لەسەر گۆرانی کوردی پێ دەدا، ئەمەش وای کرد میرزادە ھێندەی تر ئارەزووی بچێتە بوارەکە. میرزادە چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە «بوونی حەسەن زیرەک لە کرماشان زۆر بەسود بووە» چونکە ئەوی بە مۆسیقای کوردی ناساندووە و لە ڕێگەی زیرەکەوە چەندین گۆرانی و ئاوازی کوردی ناسیوە و وای کردووە شێوازی ژەنینی جیاواز بێت.
حەسەن زیرەک لە ماوەی ٣ ساڵی ژیانی لە کرماشان، ناو و ناوبانگێکی گەورەتری بۆ خۆی تۆمار کرد، بەجۆرێک زۆربەی ڕۆژەکان چەند کەسێک کە ئارەزویان لە دەنگی بوو لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران و باشووری کوردستانەوە دەھاتن بۆ سەردانی و ئەویش لە ماڵەکەی خۆیدا میواندارییانی دەکرد.

دەرکردنی لە ڕادیۆ

دوای بەدەستھێنانی ناوبانگ، ھەندێک کەس لە ئێران ڕێگریان لە حەسەن زیرەک کرد درێژە بە چالاکییەکانی بدات و بە ھۆکاری جۆراوجۆر لە ڕادیۆکانی تاران و کرماشان دەریان کرد.
کە شێخ عابدی سەراجدەدینی سەرۆکی بەرنامەی ڕادیۆی کوردیی تاران بوو، کاتێک حەسەن زیرەک ھاتبووە مەیدانی ڕادیۆکە، شێخ عابدی بە دەرگاوانی ڕادیۆکەی گوتبوو ڕێگە نەدات بە ھیچ شێوەیەک حەسەن زیرەک بێتە ژوورەوە، ئەمەش زیرەک خەمبار دەکات و دەیەوێت بگەڕێتەوە بەغدا و چیتر نەگەڕێتەوە تاران، بەڵام لەکاتی گەیشتنی بۆ بەغداش دەیگرن و دەیخەنە بەندیخانەوە
— میدیا زەندی
لە ساڵانی ١٩٦٢ و ١٩٦٤ ژیانی کارکردنی حەسەن زیرەک بەرەو دابەزین چوو و حکوومەت پارەی پێ نەدەدا، بەرپرسی ڕادیۆی کوردی ئەوکات شوکروڵڵا بابان وتی «نزیکەی ١٥٠٠ گۆرانیمان بە دەنگی حەسەن زیرەک تۆمار کردووە، چیتر پێویستمان بە حەسەن زیرەک نییە».زیرەک لە سەردەمی خۆیدا گوێگرێکی زۆری لە ڕادیۆ کوردییەکانی بەغدا و کرماشان و تاران ھەبووە، ھەر ئەمە زۆر جار بووەتە ھۆی ئیرەیی ھونەرمەندانی سەردەمی خۆی؛ زیرەک نەک بە تەنھا لەلایەن خەڵک و حکوومەتەوە ئازار دراوە، بەڵکو لەلایەن ھونەرمەندانی ئەو سەردەمەش تووشی سووکایەتی و ئازاردان بووەتەوە؛ لەوانەش شەماڵ سائیبە، کە بە سڕینەوەی چەند بەرھەمێکی زیرەک لە ڕادیۆی بەغدا تۆمەتبار دەکرێت، شەماڵ سائیب خۆیشی ئەمەی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت «تەنیا یەک گۆرانی لە ئەرشیڤدا سڕیوەتەوە».

ساڵی ١٩٦٦ کاتێک لە ئێران ڕێگەی پێنادرێت، دێتەوە عێراق بە ھیوای دامەزراندنەوەی لە ڕادیۆی بەغدا، لەوێ تاقی دەکەنەوە بۆ ئەوەی وەک گۆرانیبێژ وەری بگرنەوە، بەڵام دەری ناچێنن و پێی دەڵێن «دەنگت بۆ ڕادیۆ ناگونجێ» و ھیچ گۆرانییەکی بۆ تۆمار ناکەن، لەکاتێکدا لە سەردەمی بوونی خۆی لە ساڵانی سەرەتای پەنجاکان ھەتا ساڵی ١٩٥٨ بەشێکی زۆری گوێگرانی ڕادیۆی بەغدا گوێگری حەسەن زیرەک بوون، بۆیە لەوێش جێگای بۆ ناکەنەوە.لە ساڵی ٢٠١٦دا عارف ئیبراھیمپوور، لە پڕۆگرامێکدا کە لەلایەن وەشانی فارسی دۆیچە ڤێڵی ئەڵمانی پەخشکرا، پرسی ناکۆکی و دوورخستنەوەی حەسەن زیرەک لەلایەن مەزھەر خالقییەوە لە ڕادیۆی کرماشان ھێنرایە بەرباس، لە کۆمەڵگا و لایەنە ھونەرییەکانەوە ھەندێک کەس ئەم بابەتەیان بە ساختە و ناڕاست ناوبرد بۆ پشتگیریکردن لە مەزھەر خالقی. تا ئەو کاتەی حیسامەدین ئەمین یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی شاری سنە کاردانەوەی نیشاندا، و سەبارەت بە پەیوەندی نێوان حەسەن زیرەک و خالقی وتی:
دوای ئەوەی حەسەن زیرەک ھاتە ڕادیۆ و ناوبانگی دەرکرد، بە ناڕەوا و نەشیاو مامەڵەیان لەگەڵدا کرد، حەسەن زیرەک کەسێکی سادە و بێتاوان بوو. بێ ترس دەیڵێم خاڵێکی پەیوەندیی باش لەگەڵ زیرەک لە نێوانیاندا نەبووە و تەنانەت یەکێک لە ھۆکارەکانی بەختی خراپ و لێکەوتەی ئاوارەیی زیرەک بوو.
بەندینخانە
دوای دەرکردنی لە ڕادیۆکانی ئێران و لە ڕادیۆی کوردیی بەغدا، زیرەک لە عێراق دەستگیر دەکرێت. ٦ مانگ لەوێ زیندانی و ئەشکەنجە دەدرێت، کە زیرەک لە تۆمارێکدا بە دەنگی خۆی سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی لە عێراق دەڵێت:
«١٨ شەو لە زیندانی کەرکووک بووم، بۆ ماوەی ٦ مانگ لەلایەن ڕێکخراوی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە چەندین جار ئەشکەنجە دەدرام، لە شارێکەوە دەیانبردم بۆ شارێکی تر، کەس لە بارودۆخی نەپرسیم.»
دوای ئازادبوونی زیرەک لە عێراق لەسەر سنوورەکانی عێراق–ئێران، دیسان لەلایەن ساواکەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر دەکرێت و ماوەیەک لە زیندانی کرماشان بەسەر دەبات.
حەسەن زیرەک لەو کاتەدا داوای لە بەڕێوەبەرانی ڕادیۆکان کرد بیگەڕێننەوە بۆ کارکردن، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون بە داواکارییەکەی و ھەر لەو کاتەوە زیرەک لە ئاھەنگی ھاوسەرگیری و بۆنە ناوخۆیییەکان گۆرانی دەگوت.
کۆتایییەکانی ژیان
دوا ساڵەکانی تەمەنی حەسەن زیرەک لە ناخۆشی و دەربەدەریدا بەسەر برد و زۆر گرنگی بە گۆرانیوتن نەدەدا. زیرەک لە ماوەی ٥٠ ساڵی تەمەنیدا چەندین جار بە شێوازی جیاواز ھەراسان دەکرا، ھەر لە زیندانیکردنی لە عێراق تا گێچەڵ پێکردنی لەلایەن ساواکەوە لە ئێران و دەرکردنی لە ڕادیۆی کوردیی کرماشان و ڕەتکردنەوەی لەلایەن ھونەرمەندانی دیکە و ھاوکارەکانی لە ڕادیۆدا، دڵتەنگیی زیرەکی لێکەوتەوە.
زیرەک ھێندە لەم ڕووداوانە بێزار ببوو کە لە تۆمارێکی دەنگیدا دەڵێت:
«لە بەینی دوو سێ کێودا چاخانەیەکی پرتوکاو و ناخۆش عەجایبم ھەیە، ئەگەر بێن تەماشا بکەن سەرسام دەبن کە من چۆن لێرە دەژیم؛ ھونەر ھیچ سوودێکی بۆ من نەبوو، چونکە کوردم و بە زمانی کوردی قسە دەکەم، ھونەر لە نێو کورددا جێگای نییە، وا دەمرم و ماڵاوایی دەکەم، بچمە ژێر گڵەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بەشەری کورد نەبینم.»
حکوومەتی ئێران ھەموو کات ویستویەتی بە شێوەیەک حەسەن زیرەک ئەشکەنجە بدات، لە ڕێگەی تۆمەت خستنە پاڵ و بزڕکاندن؛ زیرەک و میدیا زەندیی خێزانی کاتێک لە ڕادیۆی تاران بەرنامەیەک پێشکەش دەکەن بە ناوی «ئێمە و گوێگرەکان» لە بەرنامەکەدا خەڵک و ھەوادارانی حەسەن زیرەک پەیوەندییان دەکرد و سڵاویان لە ناوبراو دەکرد و گۆرانی بۆ دەگوتن، دەربارەی ئەم بەرنامەیە لە بەڵگەنامەی ژمارە /٣١١/٧٦٣ی ساواک لە ڕۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٦١دا دەڵێت «بەرنامەی ڕادیۆی تاران، بووە بە ئامرازی پەیوەندیکردن بە کوردانی عێراقەوە، لەبەر ئەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەژێر ناونیشانی ئێمە و گوێگرەکان پەیامی حەسەن زیرەک لە ڕێگەی میدیای زەندییەوە ڕەوانە کراوە بۆ کەسێکی عێراقی دانیشتووی شاری کەرکووک»، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ساواک بەدوای بیانوودا گەڕاوە تا زیرەکی پێ تۆمەتبار بکات بە بەڵگەی لاوازەوە.
کاتێک لە عێراق دەستگیر دەکرێت، ڕەوانەی چەندین بەندیخانەی شارەکانی دەکەن، یەک لەو شارانەش سلێمانییە، زیرەک لەوێ لەسەر گۆرانیوتن لێیدراوە و سووکایەتی پێکراوە، زۆر جاریش لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە گۆرانی بڵێت، لێی دراوە. لە بەندیخانەی تەورێز لەبەر ئەوەی لە ڕیزی زیندانییەکان دەکۆکێت، سووکایەتی پێدەکرێت و پێی دەوترێت «نابێ بە کوردی بکۆکیت»،ھەروەھا لە بەندیخانەی ورمێش زیندانی کراوە.زیاتر لە ١٥ جار ماڵی لە ئێرانەوە گواستووەتەوە بۆ عێراق و لە عێراقیشەوە بەرەو ئێران، لە ئێران پێی وتراوە «پیاوی ڕژێمی عێراق» و لە عێراقیش پێی وتراوە «سیخوڕی شای ئێران»، تەنانەت تورکەکانیش مامەڵەی باشیان نەکردوە لەگەڵیدا.

کانی مەلا ئەحمەد

ناوچەیەکی دوورە دەستی سەر سنوور بوو لە شاری بانە، زیرەک لەگەڵ ڕابیعەی ھاوسەری، بە یارمەتیی میرزا کەریم خۆشناو چایخانەیەکی لێ کردبووەوە و بەڕێوەی دەبرد، کە دواتر ناسرا بە «گازینۆی زیرەک». زۆر جار ھونەرمەندان و ڕۆشنبیران لێرە کۆدەبوونەوە، چ چایخانەکە و چ ئەوانەی سەردانی چایخانەکەیان دەکرد لەلایەن ساواک چاودێری دەکران. ساواک کە بەردەوام دەیویست گێچەڵ بە زیرەک بکات، ھەر جارەو بەشێوازێک کۆمەڵێک چەقۆکێش و شەقاوەی دەنارد بۆ ئەوەی زیرەک شوێنەکە بەجێ بھێڵێت و بێکار بمێنێت. لە دواتریشدا زیرەک شوێنەکەی بەجێھێشت و چووەوە بۆکان.
کۆچی دوایی
ماوەیەک لە شاری شنۆ مایەوە و دواتر بە سەختی نەخۆش کەوت، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە گەڕێنرایەوە بۆ بۆکان و لە نەخۆشخانەی شارەکە خەوێندرا. حەسەن زیرەک دوای ھەفتەیەک و چەند ڕۆژێک لە نەشتەرگەرییەکی نەخۆشخانەی بۆکان،لە کاتژمێر ٨ بۆ ٩ی شەوی ٢٦یحوزەیرانی ١٩٧٢ لە تەمەنی ٥١ ساڵیدا، لە ماڵی خوشکەکەی لە شەقامی سەقز، بەھۆی شێرپەنجەی جگەرەوە کۆچی دواییی کرد، و لە گۆڕستانی بۆکان بە خاک سپێردرا؛ بەڵام دوای ٣٧ ڕۆژ لەسەر ڕاسپاردەی خۆی، لە گۆڕەکەی دەرھێنرا و لە دامێنی کێوی ناڵەشکێنە بە خاک سپێردرا.
لە کاتی کۆچی دوایی حەسەن زیرەکدا، ڕادیۆی بی بی سی باس لە کۆچی دوایی ھونەرمەندەکە دەکات و دەڵێت: «تاکە ھونەرمەندی گەلی کورد لە نەخۆشخانەی بۆکان کۆچی دوایی کرد».
لە گێڕانەوەیەکی ڕابیعە سەرئەنجام، ھاوسەری حەسەن زیرەک، باس لە دواھاتی کۆچی دواییی زیرەک دەکات:
دوای مردنی زیرەک تیمێکی ئەمریکی لە تارانەوە ھاتن سەردانی گۆڕەکەیان کرد لە ناڵەشکێنە، و پارەیەکی باشیان بۆ پێشنیار کردین تا ماوەیەک زیرەک لە گۆڕەکەی دەربھێنن و نموونەیەک لە گەرووی لێ بکەنەوە و ڕەوانەی تاقیگەی بکەن، بەڵام ئێمە ڕازی نەبووین

ژەهراویکردن

گومان لە کۆچی دوایی حەسەن زیرەک ھەیە لەوەی کوژرابێت، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە سەرچاوە کوردییەکاندا باس لەوە دەکرا، مردنی زیرەک لەناکاو بووە و ھۆکاری مردنەکەی ژەھراویکردن بووە؛ ڕووداوەکە لە کاتی ئاھەنگێکی ھاوسەرگیری ڕوویداوە لە شاری مەھاباد، و زیرەک لەلایەن ژنێکەوە خواردنی ژەھراوی پێدراوە، ئەمە لە نەخۆشییەکەیدا بەدی کراوە.
ڕۆژی ٢٠ی تەممووزی ٢٠١٠ کاتژمێر شەشی ئێوارە لە ماڵی ڕابیعە سەرئەنجام لە شاری ھەولێر، لە چاوپێکەوتنێکی تۆمارکراودا،ڕابیعە لەبارەی نەخۆشییەکەی زیرەکەوە دەڵێت:
زیرەک ھیچ جۆرە نەخۆشییەکی نەبوو، ڕۆژێک چووە ئاھەنگێک، ئێوارە ئاگاداریان کردمەوە زیرەک لە نەخۆشخانەیە و نەخۆشە، کە چووم بێ ھۆش بوو. ژنێک لەوێ بوو و پێی گوتم زیرەک لەلایەن ساواکەوە ژەھرخوارد کراوە.

سەرچاوە: وێکیپیدیا 
















 

زیاتر بخوێنەرەوە