ژیاننامەی مامۆستای زانکۆ و هونەرمەند شەماڵ صائب

2025-09-27
شەماڵ جەلال سائیب
 
لە 1986-11-07دا گۆرانیبێژی نوێکەرەوەی هونەری گۆرانی کوردی شەماڵ جەلال سائیب لە ئەنجامی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە هەولێر کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی برایەوە سلێمانی و لە گۆڕستانی بنەماڵەکەیان نێژرا و میللەتی کورد هونەرمەندێکی گەورەی لەدەستچوو.

ئەم هونەرمەندە لە ساڵی 1930دا لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و سەبارەت بەوەی کە باوکی قایمقام بووە و لە زۆر لە شارۆچکە و کار و فرمانی دیوه، بۆیە شەماڵ لە منداڵییەوە لە گەلێک شار و شارۆچکەی کوردستاندا ژیاوە و چاوی کراوەتەوە و دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی، چووەتە کۆلیژی مەلیک فەیسەڵ لە بەغدا کە قوتابخانەیەکی دواناوەندیی بوو و بە زمانی ئینگلیزی وانەی تێدا دەخوێنرا و تەنیا قوتابییە یەکەمەکانی ئێراقی وەردەگرت.
دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنەکەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان وەرگیراوە و لە 1951دا کۆلیژی ئاداب بەشی مێژوو لە زانکۆی بەغدا وەرگیراوە و لە ساڵی 1956دا خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە مێژوو وەرگرتووە و کراوە بە مامۆستا لەدوا ناوەندی ئەعزەمییەی کوڕان و لە ساڵی 1959دا بووەتە مامۆستای بابەتی ڕۆشنبیریی مۆسیقا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا.

لە کۆتاییی ساڵی 1963دا چووەتە ئەمەریکا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا و بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبدا وەرگرتووە و کە گەڕاوەتەوە کوردستان لە ساڵی 1971دا لە زانکۆی سلێمانی کراوە بە مامۆستای یاریدەدەر لە کۆلێژی ئاداب. کە ئەو زانکۆیە گوێزرایەوە بۆ هەولێر و کرا بە زانکۆی سەڵاحەدین ئەمیش گوێزاوەتەوە بۆ ئەو زانکۆیە تاکوو کۆچی دوایی کردووه.

شەماڵ سائیب لە سەردەمی منداڵییەوە فێری عود ژەنین بووە و لە سەرەتای ژیانی هونەریدا لاسایی مۆسیقازان و گۆرانیبێژی میسری فەرید ئەترەشی کردووەتەوە. لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووش بووەتە خاوەنی هونەر و دەنگی تایبەتیی خۆی و ئاوازی نوێی بۆ گەلێ گۆرانی تازە داناوە و گوتوونی و سوودێکی زۆری لە هۆنراوە و ئاوازی فۆلکلۆری کوردیش وەرگرتووه.

ئەم هونەرمەندە لێهاتووە لە ساڵی 1956 وە وەک دەنگێکی نوێ و هونەرمەندێی نوێکار هاتۆتە گۆڕەپانی ئاواز و گۆرانی کوردی و گەلێک گۆرانی کوردی و گەلێک گۆرانی سەرکەوتووی وەک شوانە هۆ شوانە و بەردە بەردە و هاتی بۆ هاتی و هاتم هاتم و ئەرێ لەیلێ و جوان ئێمە جوانین و بارزانی و زولەیخای دانا و بەدەنگەخۆش و زۆڵاڵەکەی وتنی و سەرکەوتنێکی گەورەی وە دەستهێنا.

سەرچاوە: کوردیپیدیا

زیاتر بخوێنەرەوە