بەشی دووەم - خەڵک و سندوقی ڕادیۆ

2026-01-08
بەرگی یەکەم - بەشی دووەم 
خـەڵـک و سـنـدوقـی ڕادیـۆ 

 
ئەگەر ئەم ناوانەمان پێ زانیبێ ، ئەوە مخابن سەرچاوەیەک بە دەستەوە نییە ورد بۆمان ڕوون بکاتەوە لە وڵاتی کوردستانی دابشکراو و لە فڵانە شوێن و فڵانە ساڵدا "هێندە سندوقی ڕادیۆ"هەبووە و بەرە بەرە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی (بەشی کوردیی - ڕادیۆی بەغداد) وە هی دیکە ،ژمارەی (سندوقی ڕادیۆ) هێندەیە! 

وردبوونەوەم لە ڕۆژنامە نووسی و پرسکردن لە خەڵک و گەڕان بۆ بەڵگەنامەی باوەڕ پێ کراو ، هەندێک هەواڵی کۆنیان دەستگیر کردووم و هەرچەندە کەمیشن بەڵام هەر بۆ بەرچاو ڕوونی خوێندەواران دەیانخەمە ڕوو : 

١- لە ٢١/٠٦/١٩٣٧ ڕۆژنامەی "ژیان"ی سلێمانی جاڕێکی بڵاو کردۆتەوە تێیدا دەبێژێت ( مەلا ڕەئووفی سەعاتچی ئەهلی شارەکە ، بوو بە سەبەبی ئەوەی لە شارەکەمان- سلێمانیدا "ڕادیۆ"بڵاوبێتەوە ، ئەم حاڵەتە بە سەربانی ئەم شارەوە دەبینم کە چلەکانی ڕادیۆی پێ داکوتراوە)

٢- محەممەد عبداللەی چایچی کۆیی و ناسراو بە ( حەمە گەمحان) کە یەکێکە لەو کەسانەی ڕادیۆی هێناوەتە باژێری کۆیە ، بۆ منی گێڕاوەتەوە کە پێش هەر کەسێ ( باشکاتبی مەحکەمەی کۆیە "میرزای حاجی کەریم" ڕادیۆی کڕیبوو بۆ ماڵەکەی و منداڵانی وەک ئێمە دەچووینە ماڵیان بۆ گوێگرتن لە ڕادیۆ ).

٣- بەڵگەنامەیەکی نهێنی بالیۆزخانەی بەڕیتانیا لە عێراقدا کە لە ٨ی تشرینی دووەمی ١٩٥٠دا بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیای ناردووە ، ئاماژەی کردووە گوایە (ساڵی ١٩٤٩لە باژێڕی سلێمانیدا ،٣٠٠سندوقی ڕادیۆی بە مۆڵەت ولەوانەشە لە شوێنی دیکەی باژێڕەکەدا هێندەی بێ مۆڵەتیش هەبن وە لە شوێنانی دیکەی لیواکەدا ٢٠٠ی بە مۆڵەت هەبن ، لە هەولێریشدا ٢١٥ سندوقی ڕادیۆی بە مۆڵەت هەن .ئەم نمونانە بەڵگەن بۆ ئەوەی کە کوردەکان بە ڕێژەیەکی زۆر ڕادیۆیان هەبووە .

٤- گوێگرێکی بەشی کوردیی لە نامەیەکی ٢٣/١١/١٩٥٣ دا کە ناردویەتی بۆ ڕادیۆکە دەڵێت : ( حاڵی حازر مەعلوم لە سلێمانیدا زیاتر لە هەزار ڕادیۆی تێدایە )

٥- خۆم وەک شاهێد حاڵ - ساڵی ١٩٥٤ قوتابیی پۆلی شەشەمی سەرەتایی عەینکاوە-هەولێر بووم - ڕادیۆی جۆری "سیرا-sira" ی DC,ACمان کڕی کە بە کارەبا و پاتریی تر ئیشی ئەکرد ، ئەو هەلە لە هەولێردا چەند کۆگایەک هەبوو بە تایبەتی -بێ مۆڵەت و باج- بە قیست یان بە نەقد ڕادیۆیان دەفرۆشت ، لە کەرکوک و سلێمانیشدا بە هەمان شیوە . بۆی هەیە لە موسڵیشدا بە هەمان شیوە هەبووبێ و خەڵکی قەزای دهۆک و هاوتایشی هەمان باریان هەبووبێ .
هەرچەندە " بەڵگە نامە بەڕیتانییەکە "ی سەرەوە ڕووی قسەی لە ساڵی ١٩٤٩ یە و وەهای پێ نیشان داوە کە (کوردەکان بە ڕێژەیەکی فرە ڕادیۆیان هەیە ) ئەوە لای من هەواڵەکەی ناتەواوە و فیشاڵە . ڕاستیەکەی تا ڕادەیەک ئەوە لە دوای ساڵی ١٩٥٨ دەست پی دەکات ، چونکە وێڕای بەری دەرامەتی خەڵکی ، کارەبا لە گشت شوێنێک نەبووە . بۆ نمونە لە ساڵی ١٩٥٠ و ئاوایی-ناحیەی بازیاندا ، لە ساڵی ١٩٥٣ و لە ئاوایی-سورداشدا، لە ساڵی ١٩٥٤ و ئاوایی-عەینکاوەدا ، لە ساڵی ١٩٥٦ و ئاوایی گەڵاڵەدا کە باوکم قۆمیسەری ئەو شوێنانە بوو ،کارەبایان نەبووە ، بەو پێیە ،هەر باژێرەکان وقەزاکان کارەبایان هەبووە و گشت کەسیش ڕادیۆی نەبووە ، بەڵکو بە هەڵکەوتنی ڕادیۆی کوردی کارەباییی و پاتری تەڕ ئەوجا پاتری وشک کە ئەمەیان لە ١٩٥٦ -١٩٥٥ دەرکەوتووە ،هێندکۆکەیی کاری خەڵکی گوندنشینیشی ئاسان کرد.

شایەنی باسە باژێڕێکی وەک سلێمانی تا ساڵی ١٩٥٤ توانای نەبوو کارەبا بدات بە گشت ماڵێک ،بەڵام لەوە بە دواوە بارەکە هێندکۆکەییە خۆشتر بوو . کورتییەکەی بە پێی ورد بوونەوە دەتوانم بێژم کە تا ساڵی ١٩٦٨ نزیکەی لە " سەدا بیست و پێنج"ی خەڵکی کوردستانی خواروو، سندوقی ڕادیۆیان هەبووە و خوێندەواران بەشی گەورەی کڕیاری بوون و گوێگری (ڕادیۆی عەنکارای تورکیی،ڕادیۆی تارانی فارسی و کوردی ،ڕادیۆی عەرەبی بەغداد، ڕادیۆی کوردی بەغداد، ڕادیۆی کوردسران-یافا، ڕادیۆی عەرەبی لەندەن-BBC،ڕادیۆی عەرەبی مۆسکۆ ،ڕادیۆی عەرەبی ئیسڕائیل ، ڕآدیۆی سەوتو-لعرب و قاهیرەیی عرەبی و قاهیرەی کوردی ، ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا عەرەبی ، ڕادیۆی کوردی یێریڤانی ئارمینیای سۆڤیەتی بوون ).

٦- بە ڕۆشنایی نامەیەکی موتەسەڕەیفییەتی مووسل لە ٢٦/١٢/١٩٥١دا کە بۆ ڕێبەرێتی گشت پڕۆ-پاگەندەی ناردووە وەها دەبێژێت کە (ڕێبەرێتی گشت بروسکە و پۆست بەر پرسیاری وەرگرتن "باجی ڕادیۆ"یە پێویستە بزانێت ژمارەی سندوقی ڕادیۆ لە ناوچەکانی کورد و دەوروبەریدا چەندا!).

هەڵبەت بە ڕۆشنایی ئەو بەڵگەیە بابەتێکی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەوەیە :تا ئەو ڕەکەوتە ، واتە تا مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٥١،لە مەملەکەتی عێراقدا (باج) بەرامبەر بهیستنی ڕادیۆ وەرگیراوە کە هەندێ سەرچاوە دەبێژن مانگی "٥٠٠"فلس بووە .

بەڵام وەک سەرچاوەی بەڕیتانی ئاماژەی بۆ(ڕادیۆی مۆڵەت پێ دراو ،بێ مۆڵەت ) کردووە ، دیارە ئەو "باج" تەنها سندوقی ڕادیۆی مۆڵەت پێدراوی گرتووە -تەوەو دەستگەی گشت بروسکە و پۆست بۆی نەکراوە و ناکرێت باج لە گشت وەربگرێ.
بە ئەو ڕۆشناییەش -وەک زووتر باسم کرد-لە ساڵی ١٩٥٤ و باژێری هەولێردا ڕادیۆمان لە کۆگایەکی دیاری هاولێردا کڕی و چ داوایەکی بۆ "باج"ی لەگەڵ نەبوو ، دیارە لەو ساڵەدا "باج وەرگرتن " باوی نەماوە و هەڵگیراوە . لە لایەکی دیکەوە-با بەهای باجەکە بە ڕواڵەت کەم بووبێت - بۆ خەڵکی هەژار ئەو بڕە پارەیە لە ئەو ڕۆژگارەدا کەم نەبووە و کڕینی سندوقی ڕادیۆش ئاسان نەبووە ، بۆیە کە دەتوانم بێژم کە خەڵکی ڕەشۆکی و هەژار بە دەگمەن توانای کڕینی سندوقی ڕادیۆیان هەبووە .
 

زیاتر بخوێنەرەوە