بەشی سێیەم_برگەی یەکەم- ڕادیۆکانی کوردیی ١٩٢٥-١٩٥٨

2026-01-15
بەرگی یەکەم - بەشی سێیەم 
برگەی یەکەم
ڕادیـــۆکـــانـــی کــــوردیــــــی  ١٩٢٥-١٩٥٨

بەڕۆشنایی بەرنامەی نووسینم، بێ گومان لە سنووری مێژووی سەرەوەدا باسیان دەکەم. باسی هێندێ ڕادیۆی دیکەی دوای ئەو سنوورەش- وەک ڕادیۆی کوردیی یێریڤان.
ئەمەش باسی ڕادیۆکانی سنووری سەرەوەیە کە فەرمیان بە شێوەی (پەخشی بەرنامە-نەک بەشی ڕادیۆ) بوون:
١- ڕادیۆی کۆماری ئۆتۆنۆمی کوردستان سوور، لە کۆماری ئازەربێجانی سۆڤیەتی جاراندا- س١٩٢٥ بە شێوەی کورمانجیی. 
هەواڵەکانی فره دەگمەنە و نەبێژراوە چۆن ئاوەدان کراوەتەوە و شەپۆل و مەوداکان و بەرنامەکانی چیی و بێژەرەکانی کێ بوون، بەڵام هەواڵ هەیە دوای فەرمانڕەوایی (ژۆزیف ستالین)ی سەرداری یەکێتیی سۆڤیات هەرچیی دامودەزگەیەکی ئەو کۆمارە ئۆتۆنۆمییە و ڕۆژنامەنووسیی کوردیی و ڕادیۆکەش، گشتی هەڵوەشاوەتەوە و پێچراوەتەوە. 
٢- پەخشی کوردی - بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغداد - ١٩٣٩/١١/١٩- ٢٠٠٣، بابەتی ئەم کتیبە دوو بەشەیە (بەشی یەکەم: ١٩٣٩-١٩٥٨)، (بەشی دووەم: ١٩٥٨-١٩٨٩).
٣- ڕادیۆی شەرقوئەدەنا، The Near East Broadcasting Station، Sharq-Al-Aadna، (پەخشی کوردیی "ڕادیۆی کوردستان"، ئەلوول ١٩٤٢- ئەلوول ١٩٤٥/ یەفا - فەلەستین /k). 
ڕادیۆی پڕۆپاگەندەی حکوومەتی بریتانیا بۆ پشت گرتنی کاروباری سەربازیی و ئابووریی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ڕۆژگارەکانی دووەم جەنگی گێتیدا. دامودەزگەکانی سوپا و وەزارەتی کاروباری هەندەرانی بریتانیەکان مه‌سره‌فیان کێشاوەو چاودێریریان کردووە. هەواڵەکانیشی، بەتایبەتی هەواڵەکانی بەشی کوردیی دەگمەنەو فره نییە.
ئەوەیی لەبەر دەستە ئەمانەیە:
  •  عەبدوڵڵە پەشێو (گۆران)ی شاعیر، ڕەفیق تۆفیق، چالاک، ڕەمزی محیەددین، قەزاز بێژەر و وەرگێڕ بوون.
  • لە ساڵی ١٩٤٣دا پەخشی بە شێوەی سۆرانیی، لەسەر شەپۆلی کورتی، ٣٧.٥ سیی و حەوت نیومەتر بووە.. بەیانیان لە سەعات: ٧:٣٠ تا سەعات ١١. ئێواران لە سەعات ٣:٣٠وە تا سەعات ٤:٤٥دا. واتە مەودای پەخشی لە ڕۆژێکدا "یەک سەعات" بووە.
  • لە ساڵی ١٩٤٦دا، لەسەر شەپۆلی کورتی، ١٨.٤٢ مەتر، لە سەعات ١١:٤٥ی پێش نیوەڕۆدا بووە.، سروودی کوردیی وەک: کوردستان کوردستان نیشتیمانی جوان (، دەمی ڕاپەڕین، گوتار، شیعر چیرۆکی بێانیی و وەرگێڕدراو.
دەنگ وباس و گوتەی ڕۆژنامەکان، قەوانی سترانی کوردیی پێشکەش کراوە، ڕۆژنامەنووسی کوردیش چەند جارێ لێیان نووسیوه یا هەواڵی پەخشەکەیان بڵاوکردووەتەوە. دیارترین نووسین پێشنیازەکانی گۆڤار "نیشتیمان"ه که هەموو بە ناوی "ئێستگەی ڕادیۆی کوردستان"ەوە قسەی لێ کردووە و دەبێژێت (ئەم چەند خوازێتمان له گەڕێنەندەو کاربەدەستانی ئێستگە هەیه و تکای پێک هێنانیان دەکەین:
١- شەپۆلی ٣٧ مەتری نیوەی چاک کار ناکات، بگۆڕدرێ باشه.
٢- له بەشی زۆری شارەکانی کوردستاندا، برووسکە- کارەبا /k- بە ڕۆژ کارناکا. بەرنامەکان بخرێنه سەعاتێکی وەها که له هەموو کوردستاندا ڕووناو بووبێ.
٣- ئەگەر هیچ بەرھەڵست و پێشگرییەک نەبێ، له سەرەتای هەموو بەرنامەیەکدا، دەنا حەوتەی دووجار "مارشی کوردستان" لێ بدرێ..
٤- ڕۆژنامەیەکی به ناوی "ڕۆژنامەی ئێستگەی ڕادیۆی کوردستان"ەوە حەوتەی جارێک دەربهێندرێ بۆ ئەوەی بڵاوکراوەکانی حەوتەی تێدا بنووسرێت.
٥- مووسیقای بێ دەنگ- مووسیقای ڕووت /k- و قەوانەکان که لێ دەدرێن ئارەزووی دڵی هەموو گوێگرەکان پێک ناهێنن. مووسیقای بەدەنگ و قەوانی له هەموو ڕەنگیان بۆ لێ بدەن و بەین بەین قەوانەکان بگۆڕن (ئیدارەخانەی گۆڤاری نیشتیمان / تەواو).
جێگەی باسه تا هانووکە لێ کۆڵینەوەیەکی چڕ و باوەڕ پێکراو لەمەڕ ڕادیۆی کوردستان- یافا، نە خراوەتە ڕوو. 


 

زیاتر بخوێنەرەوە